وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆتایی ساڵی 2013 دا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ سێ هەزار و 450 مێگاوات بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدێت كە لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبادا خراونەتە جێبەجێكردنەوە.
دیار بابان، بەرێوەبەری گشتی بەرهەمهێنان و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتەكەیان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای زیاد لەپێویستی ناوخۆی هەرێم، وەزارەت كار بۆ ئەوە دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم لە كۆتایی ئەمساڵدا بگەیەنێتە سێ هەزارو 450 مێگاوات، كە لە ئێستادا دەگاتە دوو هەزارو 700 مێگاواتە.
وتیشی: "لە ئێستادا پێداویستی هەرێمی كوردستان بۆ وزە دەگاتە سێ هەزارو 200 مێگاوات لە كارەبا، بۆیە وەزارەتی كارەبا لە مساڵدا لە رێگەی ئەو پڕۆژانەی لە بواری جێبەجێكردندان كار بۆ ئەوە دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بەرزبكاتەوە، بەشێویەك بگاتە زیاد لەپێداویستی ناوخۆی هەرێم".