سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هاوڵاتییەك لە گەڕەكی ئابڵاخی شاری سلێمانی خۆی دەخنكێنێتو سەرچاوەیەكی پۆلیسیش رایدەگەیەنێت كە ئەو كەسە بەم دواییانە تووشی "نەخۆشی دەروونیی" بووە.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە (خەندان)ی راگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنكەی پۆلیس رزگارییان ئاگاداركردەوە كە كەسێك لە ماڵەكەی خۆیدا لە رێگەی هەڵواسینی حەبل-ەوە خۆی خنكاندووە.
وتیشی: "تیمی بەڵگەی تاوان و پۆلیسی رزگاری چونەتە شوێنی رووداوەكەو لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە و وتەی كەسوكارەكەشی لەو رووەوە وەرگیراوە".
راشیگەیاند: ئەو كەسە پیاوێكی تەمەن 40 ساڵەو خێزاندارەو خەڵكی شاری سلێمانییە.
ئەوەشی خستەڕوو: تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی دیكە لە پۆلیسی سلێمانی بە (خەندان)ی راگەیاند: ئەو پیاوەی خۆی كوشتووە ناوی (س.م) و پیشەی پۆلیس بووە لە 104، بەم دواییانەش تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.