ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی كه‌ركوك به‌رله ته‌قینه‌وه‌كه، به مۆبایله‌كه‌ی وێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه ده‌گرێت و له كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا چه‌ند جارێك ده‌ڵێت "الله اكبر".
سایتی "ئێن ئار تی" ئه‌مشه‌و گرته‌یه‌كی ڤیدۆیی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا كه‌سێك به مۆبایله‌كه‌ی وێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك ده‌گرێت.
ئه‌مڕۆش د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ئاشكرای كرد كه له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كان و له‌نزیك رووباری خاسه‌ی نزیك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس، كه‌سێك وێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی گرتووه و چه‌ند جارێك وشه‌ی (الله اكبر)ی وتووه‌ته‌وه، له‌وكاته‌شدا چه‌ند هاوڵاتییه‌ك ئاگای له‌و كه‌سه بووه و رێگه‌یان لێگرتووه هه‌ڵبێ و دواتر هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیریان كردووه.
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه به‌به‌شداریی به‌ڕێوه‌به‌ر و جێگره‌كه‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركوك سازیكرد، وتی: "رێكخراوی قاعیده له‌پشت ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاری كه‌ركوكه‌وه بووه و به هۆشیاریی هاوڵاتیان و چاوكراوه‌یی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش، توانراوه به‌رپرسی یه‌كه‌می ته‌قینه‌وه‌كان ده‌ستگیربكرێ و له‌رێگه‌ی لێكۆڵینهوهكانیشهوه تیرۆریسته مه‌ترسیداره‌كانی دیكه‌ش ده‌ستگیر بكرێن".
پارێزگاری كه‌ركوك روونیشی كرده‌وه: تیرۆرسته ده‌ستگیركراوه‌كه به‌ره‌گه‌ز عیراقییه سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی رێكخراوی قاعیده‌یه‌و یه‌كێكه له‌وانه‌ی له گرتووخانه‌ی كرۆكه‌ر هه‌ڵاتوون و به‌رپرسه له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس و شه‌قامی ئه‌تڵه‌سی كه‌ركوك، تائێستاش 11 ته‌قینه‌وه‌ی له عیراق ئه‌نجامداوه و 100 هاوڵاتیی مه‌ده‌نی و ئه‌منیی كردووه‌ته قوربانی.
هه‌ر له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند كه ده‌ستگیركراوه‌كه ناوی دوو كه‌سی دیكه‌ی هێناوه كه له‌شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیدا بوون و هێزی بنبڕكردنی تیرۆر و ئاسایش له به‌غدا ده‌ستگیری كردوون، هه‌روه‌ها دانی به‌وه‌شدا ناوه كه ئه‌و دووخۆكوژهی له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی كه‌ركوك خۆیان ته‌قانده‌وه، عه‌ره‌بن و مه‌به‌ستیان ده‌ستگرتن بووه به‌سه‌ر گرتووخانه‌ی ته‌سفیراتی كه‌ركوكدا.