ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمدواییەی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە سنورییەکانی ههرێمى كوردستان بە فراوانترین و ترسناکترین ئۆپەراسیۆن دادەنرێت لەم چەند ساڵەی دواییدا و نزیکەی ١٥ فڕۆکەی جەنگی سوپای تورکیا بەشدارییان تێدا کردووە، سەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کۆماجڤاکێن کوردستا "کەجەکە"ش ڕایدەگەێنێت "تا هێرشەکان بەردەوامبن، ئێمە خۆمان دەپارێزین و وەڵامیشمان دەبێت".
ئەمڕۆ پێنج شەممە ماڵپەڕی ڕادیکاڵی تورکی لەهەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لەناکاوەکەی تورکیا لەژێر چاودێری دەزگای زانیاری تورکیادا ئەنجام دراوە و، چەندین فڕۆکەی پێشکەوتوی سوپای تورکیا کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ فڕۆکە دەبێت بەشدارییان تێدا کردووە و ئۆپەراسیۆنەکەش نزیکەی حەوت کاتژمێری خایەندووە.
لەهەواڵەکەدا ئەوەش هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە شەوی ڕابردوو کاتژمێر 01.30 کۆتایی پێهاتووە و بە فراوانترین ئۆپەراسیۆن دادەنرێت لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجام درابێت، هەروەها پێش سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "بەڕێوەچوونی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە قەندیل لەکاتێکدا کە پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچێت، کارێکی زۆر ترسناکە".
هاوکات ماڵپەڕی فیرات نیوز ڕایگەیاند "سەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە لە لێدوانێکدا وتویەتی، تا ئۆپەراسیۆن و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا بەردەوامبێت، ئێمەش مافی خۆپاراستنمان هەیە و وەڵامیان دەدەینەوە