دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە شاری سلێمانی و لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا دەسڕێژی گولـلـە لە خالیدی خولە سور، سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە كراو گوللـەیەك بەر سەری كەوت، كەمێك پێش ئێستا لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی راگەیاند: دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (23ی شوباتی 2013)لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا، تەقە لە خالیدی خولە سور، سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە كراو گوللـەیەك بەر سەری كەوت، دەست بەجێ گەیەندرایە نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی بۆی.
بەپێی وتەی هەمان سەرچاوە، خالیدی خولە سور، دوای مانەوەی بۆ ماوەی سەعات و نیوێك لە ژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە كەمێك پێش ئێستا گیانی لەدەستداوە.
خالید مەحمود ئەحمەد، ناسراو بە (خالیدی خولە سور) ساڵی 1956 لە گوندی بانی بنۆك- ی بناری سورێن لە دایكبووە، كەسایەتیەكی كۆمەڵایەتی ناوچەی شارەزوورە و شاری سلێمانییە و.. سەرۆك عەشیرەتی غەوارەیە، هەروەها بەرپرسی شانەی سورێنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە لە ساڵانی حەفتاكاندا.