به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌می پزیشكی پسپۆڕ له ناوچه‌كه یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كییه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی قسه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا كردووه، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه سكاڵایان له‌باره‌ی سووكایه‌تیكردن به ژنان له نه‌خۆشخانه‌ی ژنان و منداڵبوون به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه.
له راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان، كه وێنه‌یه‌كی بۆ (خه‌ندان) نێردراوه، وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوێكی "گروپی چاو‌دێر" له‌كه‌لار، ده‌داته‌وه كه هه‌ندێك كه‌موكورتیان له نه‌خۆشخانه‌ی "شه‌هید شێره‌ی نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبوون" له‌شاری كه‌لار خستبووه‌ڕوو.
له‌باره‌ی كه‌می پزیشكی پسپۆڕه‌وه كه گروپی چاو‌دێر ئاماژه‌ی پێدابوو، ته‌ندروستی گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت:"كه‌می پزیشك یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كیه‌كانمان كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تدا كردووه و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنیان پێداوین".
هه‌روه‌ك ئاشكرایده‌كات، له‌باره‌ی نه‌بونی پۆلیسی ژنه‌وه، به‌هه‌مان شێوه كۆكن له‌گه‌ڵ گروپه‌كه و پێش راگه‌یه‌ندراوه‌كه به چه‌ند مانگێك، قسه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی باری كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه و نه‌بونی پۆلیسی ژنه‌وه، ئه‌و داوایه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه.
سه‌باره‌ت به "سوكایه‌تیكردن به ژنان و نه‌خۆشه‌كانی سنووره‌كه له نه‌خۆشخانه‌ی ناوبراو" هه‌روه‌ها له‌باره‌ی"هه‌ندێك له كارمه‌ندان پاره‌و به‌خشیش له هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن". ته‌ندروستی گه‌رمیان له راگهیندراوهكهیدا، رایده‌گه‌یه‌نێت :"خوازیارین چ گروپه‌كه‌و چ هاوڵاتیانیش كه سكاڵایان هه‌یه، به به‌ڵگه‌وه ئاگادارمان بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به‌دواداچون بكه‌ین، چونكه تائێستا له‌وباره‌وه هیچ سكاڵایه‌كمان به فه‌رمی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه پێنه‌گه‌یشتووه و به‌ڵگه‌ی ته‌واو نه‌خراوه‌ته‌ڕوو".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه، كه كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی كه پابه‌ندی یاسا‌و رێنماییه‌كان بن به رێزگرتنی نه‌خۆش و هه‌روه‌ها وه‌رنه‌گرتنی هیچ بهخشیشێك